چــۆن فێـربوون فێربین،چۆن مرۆڤ بسازین
pcir

بڵاوکراوەتەوە لەبەرواری: 2022-08-17    ژ.سەردان(54)

پەروەردە پرۆسەیەكی زێدە گرنگ و بەبەهایە پێوانكارە بۆ كۆمەڵگەی شارستانیەتی و پێشكەوتووە،گەشەكردن و سەركەوتنی هەر كۆمەڵگەیەك، بەندە بە پەرەپێدان و چۆنیەتی وەبەرهێنان لە پەروەردەدا، ئارمانجی سەرەكیی پەروەردە، بەرهەمهێنان و بونیادنانی مرۆڤی ئازاد و دیدگه‌كراوە و بەخشندەیە، ئامادەكردنی مرۆڤە بۆ ژیان تاكوو ژیانێكی مرۆیییانە بژی، شایستەی ژیانی هاوچەرخ بێت.
پێویستە پەروەردە پرۆسەیەكی جوان بێت، لەسەر ڕەوتی جوانی بڕوات و میكانیزمی جوان وەگەڕ بخات تاكوو مرۆڤی جوانیناس بەرهەم بهێنێت.

سێ هۆکاری سەرەکی کاریگەرە بۆ سەر پەروەردەی تاک:

* «خێزان»
* «ناوەندە پەروەردەیەکان»
* «ژینگەی دەوروبەر ( تەکنەلۆژیا وئامێرە زیرەکەکان»

«خێزان»:
خێزان یەكەمین قوتابخانەی تاکە: یەكەمین دامەزراوەی پەروەردەیییە و بناغەی كۆمەڵگەیە، هەرخێزانێك بەپێی نەریت و بەها و دونیابینیی خۆی شێوەی پەروەردەی منداڵەكەی دیاری دەكات، و بە شێوەی سروشتی نەریتی خێزان دەگوێزرێتەوە بۆ تاک و دەبێتە بەشێك لە بونیادی تاک و شكڵ و بوونی كەسایەتی، کەواتە دەبێت دایکوباوک هۆشیارانەتر کار لەسەر رەفتار دروستی تاک بکەن و چاودێرو سەرنجگیربن بەسەر لایەنە پەروەردەیەکان و چۆنیەتی ڕەفتارکردنیان لە کۆمەڵگە.

«ناوەندە پەروەردەیەکان»:

دووهەم هۆکاری کاریگەر بەسەر رەفتاری تاک و دەرهاوێشتەکانی ناوەندە فێرکارییەکان و فێرکاری شارەزایە، دەبێت فێرکار پەروەردە بکاتە ئامانجی بنەڕەتی و بەها گرنگەکان تێکەڵکێشی زانست بکات، بیکات بە میکانیزمێکی گرینگ و بەرهەمدار بۆ دروستکردنی تاکێکی دروست و بەسوود بۆ کۆمەڵگەو گرێدراو بەبەها و ڕەفتاری دروست، تاکە هۆکارە لە ئێستادا کەدەبێت بە وردکارییەوە کاری لەسەر بکرێت و بخرێتە پلان و بەرنامەیەکی کاریگەر لە ناوەندەکان، چونکە مانەوەو کورتهێنانی هەر لایەنێک لە کۆمەڵگە لە رووی رەفتارەوە پەیوەندیدارە بە سیستەمی پەروەردەیەکی دروست، بەپێچەوانەوە.

«ژینگەی دەوروبەر ( تەکنەلۆژیا وئامێرە زیرەکەکان»:

تێکەڵبوون لەگەڵ ژینگەی دەوروبەرو تەکنەلۆژیا بە گشتی، لەم سەردەمەدا کاریگەری نەرێنی لەسەر ڕەفتاری تاک دروستدەکات، هەرچەندە دروست بەکارهێنانی گرینگ وپێویستە بۆ ژیان و کاری ئەمڕۆمان، بەڵام پێچەوانە بەکارهێنان لەناو خێزان و کۆمەڵەی هاوڕێیان، تاک بەرەو لایەنێکی پەرتەوازەی بیرو هەڵوەشانی لایەن و کورتهێنای پەروەردەی لێدەکەوێتەوە.

کەواتە پەروەردە كارێكی سادە و سەرپێیانە نییە، كارێك نییە بتوانرێت فەرامۆش بكرێت، بەڵكوو ئـەركێكی پیرۆز وهەستیارە، ‎پێویستی بە شارەزایی و ئـارامی و پشوودرێژی هەیە، چونكە هەر هەڵەكردنێك لە پەروەردەدا دەرەنجام و كارەساتی نەخوازراو بە دوای خۆیدا دەهێنێت. دایكو باوك لانی كەم دەبێت شارەزا و ئـاشنابن، بە میتۆدەكانی پەروەردە و سایكۆلۆژیای تاک، تا بتوانن پەروەردەیەكی دروست و ئـامانجدار ئەنجام بده‌ن و هاوپەیوەندی هەبێت لەنێوان خێزان و ناوەندە پەروەردەییەکان، وا لەتاک بکەن
 هەست بە بەرپرسیارەتی بكەن، تاكی چالاك و بەرهەمهێنەربن ‌و دەست بە ڕەوشتی جوان و بەهای نیشتمانییەوە بگرن، مرۆڤدۆست و ژیاندۆستبن ئـەو مرۆڤانە بن بەتەنگ ژیانەوەبن، کاریگەربن بەسەر کۆمەڵگەیەکی دروست.

بەهیوای سوود و پەروەردەیەکی دروست بۆ هەمووتان.

ئامادەکردنی:
مامۆستا: نەدوە نجم الدین
مامۆستا لە پەیمانگەی کۆمپیوتەری ڕانیەی ناحکومی