گرینگی وەرزش لە مانگی ڕەمەزاندا ،وە باشتیرین کاتەکان بۆ ڕاهێنانکردن!
pcir

بڵاوکراوەتەوە لەبەرواری: 2024-03-15    ژ.سەردان(84)

ئەگەر خۆت بە یەکێک لەو کەسانە دەزانیت کە لەکاتی بەڕۆژوو بووندا ووزە بەتەواوی لەدەست دەدەیت و ناتەوێت هیچ جۆرە وەرزشێک یان چالاکییەکی جەستەیی ئەنجام بدەیت، ئەوا ئەم بابەتە زانیاری بەنرخی تێدایە کە بیرکردنەوەت دەگۆڕێت و پاڵنەرێکە بۆ وەرزشکردن لە ڕەمەزاندا، وە زیاتر فێردەبیت دەربارەی گرنگی وەرزشکردن لەکاتی بەڕۆژوو بوون .
بەزۆری لەمانگی ڕەمەزاندا زۆربەمان چالاکییە جەستەییەکانمان کەم دەکەینەوە بەتایبەتی ڕاستەوخۆ دوای نانی بەیانی، بەڵام شارەزایانی بواری خۆراک و لەشجوانی بەکۆی دەنگ لەسەر گرنگی وەرزشکردن لەمانگی ڕەمەزاندا کۆکن، چ لەکاتی بەڕۆژوو بووندا بێت یان دوای بەڕۆژوو بوون، بەمەبەستی پاراستنی یان ڕێگری لە زیاد بوونی کێش، چونکە لەمانگی ڕەمەزاندا بانگهێشت و ئاهەنگ و شیرینی بە هەموو جۆرەکانیەوە زۆرن و هەندێکمان ناتوانین خۆمان لەم خواردنە ناسکانە بێبەش بکەین، بۆیە دەبێت جوڵە و چالاکی جەستەیی هەبێت بۆ سووتاندنی ئەو کالۆریە دەست هێنراوانە.

کەی باشترین کاتە بۆ وەرزشکردن لەمانگی ڕەمەزاندا؟
* شارەزایانی لەشجوانی ئاماژە بەوە دەکەن ئەگەر پێش ژەمی بەیانی وەرزشکردن هەڵبژێریت، ئەوا باشترین کات نزیکەی کاتژمێرێک یان کاتژمێرو نیوێک پێش نانی بەیانی دەبێت، بۆ ئەوەی جەستە بتوانێت بەخێرایی قەرەبووی ئەو شلە و کانزایە لەدەست چووانە بکاتەوە، هەروەها وزەی پێویست بەدەست بهێنێت بۆ ماوەی ڕۆژەکە، هەروەها دەرفەت بە جەستە دەدرێت بۆ هەرسکردنی خۆراک و دوورکەوتنەوە لە تێکچوونی کۆئەندامی هەرس.

* وەرزشکردن پێش کاتژمێرێک لە بانگی مەغریب، گونجاوترین کاتە بۆ وەرزشکردن لە مانگی ڕەمەزاندا، چونکە لەو کاتەدا گەدە بەتاڵە، لەش پێویستی بەهێز هەیە و کاریگەری دروستدەکات لەسەر چەوری ناو خانەکان و زۆر گرینگە بۆ کێش دابەزاندن.


* لەلایەکی ترەوە شارەزایان و پسپۆڕانی وەرزش، دوو کاتژمێر دوای (ئیفتار) بەباشترین کات دەزانن بۆ وەرزشکردن، هەروەها ڕێنمایمان دەکەن کە نابێت وەرزشکردن بۆ درەنگانی شەو دوابخرێت، چونکە لەوانەیە ڕێگری لە خەوتنت بکات و ببێتە هۆی کەمخەوی،هەندێک لە پزیشکان پێشنیاری ئەوە دەکەن کە پێنج کاتژمێر لەنێوان وەرزشکردن و خەوتندا هەبێت.


کۆمەڵێک سوودی وەرزشکردن لەمانگی ڕەمەزاندا هەیە کە گرینگترینیان ئەمانەن:
• پاراستنی کێشی لەش یان دابەزاندنی کێشی لەش.
• بەهێزکردنی ماسولکەکان.
• چالاککردنی سوڕی خوێن و بەرەوپێش بردنی تەندروستی مێشک.
• لەکاتی وەرزشکردندا بەهۆی کەمی ئەو کاربۆهیدرات و شەکرانەی کە پێویستن وەک وزە بۆ چالاکی جەستە، جەستە چەوری هەڵگیراو و کەڵەکە بوو بەکاردەهێنێت و بەم شێوەیە یارمەتی پاراستنی هەردوو کێش و تەندروستی دەدات.

ڕێنمایی پێویست لەسەر ماوەو کاتی وەرزشکردن و خۆراکی تەندرووست؟
* ماوەی وەرزشکردن بەپێی تەندرووستی تاک دەگۆڕێت، هەروەها هۆکاری تەمەنیش کاریگەری لەسەر ماوەی وەرزشکردن هەیە، بەڵام بەگشتی لەکاتی بەڕۆژووبووندا وەرزشکردن باشترە بۆ ماوەی نیو کاتژمێری ڕۆژانە، بۆیە باشتر وایە لە مانگی ڕەمەزاندا وەرزشی چڕی کەم بۆ مامناوەند هەڵبژێریت و دووربکەویتەوە لەڕاهێنانی چڕی زۆر کە لەوانەیە ببێتە هۆی وشکبوونەوە یان ماندووێتی.
* سەبارەت بەو وەرزشانەی کەپێویستیان بە هەوڵی زۆرە وەک (مەلە کردن، یاریکردنی هەموو جۆرە تۆپێک، بەرزکردنەوەی قورسایی، پایسکلسواری، هتد...) باشترە بۆ نزیکەی دوو بۆ سێ کاتژمێر دوای نانی ئێوارە دوابخرێن.
* ئەو کەسانەی نەخۆشیەکانی گورچیلە و دڵ و خوێنبەرەکانیان هەیە، پێویستە لەکاتی بەڕۆژوو بووندا وەرزش نەکەن بەتایبەت وەرزشکردن بەچڕی، چونکە ماندووبوون لەوانەیە ببێتە هۆی ئەوەی شلەمەنی زۆر لەدەست بدەیت و ببێتە هۆی قوتدانەوە (هەڵگەڕانەوە) ی زمان یان جەڵتە.
* نەخواردنی هیچ جۆرە ڤیتامینێک یان تەواوکەری خۆراکی جگە لە ئاستێکی سنوردار و لەژێر چاودێری پزیشکیدا، چونکە تەواوکەرەکان ناتوانن جێگەی خۆراکە تەندرووستەکان بگرن. گرینگیدان بە خواردنی خۆراکی تەندرووست لە ئیفتار و دوورکەوتنەوە لە شیرینیەکان تا ئەو جێگایەی دەکرێت، پێویستە لەکاتی نانی بەیانیدا زیادەڕۆیی لە خۆت نەکەیت، چونکە زۆر خواردن جەستەت ماندوو دەکات و بێهێزت دەکات، لەکاتێکدا خواردنی سووک وزەت پێدەبەخشێت و هێزی جوڵەت پێدەبەخشێت.


بەهیوایی تەندرووستییەکی باش بۆ هەموولایەک.....

ئامادەکردنی/ هاوڕێ شۆڕش ڕەسوڵ